چەندین ڕاپۆرت لە میدیا جیهانییەکاندا باس لەو وردە پلاستیکانە دەکەن کە دەیخۆین لە ڕێگەی خواردنەکانمانەوە وەک ماسی، ئاوی بوتڵ، خوێ، خواردنەوە گازییەکان و تەنانەت هەواش.
جیهان لەئێستادا بەقەد هەموو ساڵەکانی پێشوو پلاستیکی بەرهەم هێناوە کە بەشێکی دزە دەکاتە ناو سروشت و دەمێننەوە. ئەوەش کاریگەری نەرێنی درووست دەکات. بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی دڵنیا ببنەوە، زانکۆی نیوکاسڵ لە ئوسترالیا کاریان کرد تاوەکو بە ڕێگایەکی ورد هەژماری نزیکەیی کێشی تێکڕای بڕی وردە پلاستیکەکان بکات لە لەشی مرۆڤدا، وە ئایە ئەم توێژینەوانە دەریدەخەن کە ئێمە دەیخۆین، ڕاستن؟
پلاستیك وەکو ماددەیەکی یەکجار بەکارهاتوو (Disposable) درووست دەکرێت، لەئەنجامی پاشماوە خراپەکەی کە دەمێنێتەوە، نزیکەی 87%ی دەچنە ناو سروشت و دەبێتە پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك.
بۆ نموونە ئەگەر لە ئێستادا بوەستن لەدرووست کردنی پلاستیك ئەوا زەریاکان تا ساڵی 2025 بۆ هەر 3,000 کیلۆگرام لە ماسی ئەوا 1,000 کیلۆگرام پلاستیك لەخۆدەگرن. لە کۆی گشتی 52 توێژینەوە کە زانکۆی نیوکاسڵ خستویەتییە ڕوو کە خواردنی خۆراك و خواردنەوە باوەکان دەشێت ببێتە هۆی خواردنی نزیکەی 5 گرام پلاستیک لە هەفتەیەکدا، ئەمەش بە پێی شوێن و جۆری خواردنەکە دەگۆڕێت.
هەرچەندە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بوونی پلاستیك لە جەستەی مرۆڤ هێشتا بە تەواوی بەڵگەی لەسەر نییە. بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە ئاستێك دەشێت هەڵمژینی ڕیشاڵی پلاستیکی هەوکردن لە کۆئەندامی هەناسەداندا درووست بکات و لە حاڵەتی قورسدا ئەگەر بێت و سەرچاوەی پلاستیکەکە لە بۆیاخ و ڕەنگ پێکهاتبن ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر شێرپەنجە. وە هەروەها لە ئاژەڵە دەریاییەکاندا ڕێژەی زیاتری وردە پلاستیک لە سیستەمی هەرس و هەناسەدانیاندا دەبێتە هۆی مردنی زوو، ئەمەش هاوسەنگیی ژینگە تێکدەدات.
سەرچاوە: Yourplasticdiet
نوسەری بابەت: ڕەوا سەردار
وەڵام بدەوه