ئەشکەوتی شانەدەر، دەوڵەمەندترین شوێنەواری مێژوویی لە کوردستان

ئەشکەوتی شانەدەر شوێنێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە پارێزگاری هەولێر و سەر بە قەزای مێرگەسۆرە. شانەدەر بەناوبانگە بە پاشماوەی نیاندەرتاڵەکانی، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ئێسکەپەیکەری جیاواز تیایدا دۆزرەوەتەوە کە ڕەنگە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 75,000 هەزار ساڵ پێش ئێستا بێت.

پاشماوەی نیاندەرتاڵ بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠ لەلایەن تیمێکی زانکۆی کۆڵۆمبیا دۆزرایەوە لەو ئەشکەوتە. یەکەم نۆ ئێسکەپەیکەر لە نێوان ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٦١ هەڵکەندراون، ئێسکەپەیکەری دەیەم لە ساڵی ٢٠٠٦ دۆزرایەوە کاتێک شوێنەوارناسێک چەند ئێسکێکی لە هەڵکۆڵینەکە دۆزیەوە کە لەگەڵ ئەوانی تردا نەدەگونجا.

ئەشکەوتی شانەدەر یەکەم شوێنی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری نیاندەرتاڵەکان نەبوو، بەڵام یەکەم شوێن بوو کە ڕۆشنایی خستە سەر شێوازەکانی ناشتن و هۆکارەکانی مردن لە نێوان نیاندەرتاڵەکاندا، جگە لەوانەش، کولتور و بیرکردنەوەیان.

لە نوێترین دۆزینەوەدا، لە ساڵی 2018، ئێسکەپەیکەری ئافرەتێکی نیاندرتاڵ دۆزرایەوە و لە مانگی ئایاری 2024 توانرا ڕوخساری بۆ دروستبکرێتەوە،ئەوە بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گەورەکان دادەنرێت لە مێژووی لێکۆڵینەوە لە مرۆڤانی کۆندا.

لە نوێترین دۆکیومێنتاریشدا کە لە تۆڕی نێتفلیکس بڵاوبوویەوە بەناوی (The Secrets of Neanderthals)، بەشێوەیەکی سەرەکیی باس لە ئەشکەوتی شانەدەر کراوە و بە یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکان دانراوە لەو بوارەدا.