بەشی یەکەم – سەردەمی کۆن
مێژوو شوێنپێیە بۆ داهاتوو، سەرەتا دەبێت لە مێژووی نەوت تێبگەین تا بزانین لە داهاتوودا بەرەو چی هەنگاو بنێین.
مێژووی نەوت لە جیهاندا نزیک 150 ساڵە، هەرچەند پێشتر چینیەکان نەوتی قورسیان بەکاریان هێناوە بۆ ڕووناکی و خۆگەرمکردنەوە.
یەکەم بیری نەوت لەڕێگای ئامێرەوە لە ناوچەی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا لێدرا لەساڵی 1859
بەسەرپەرشتی کەسێک بەناوی ئێدوین درەیک. دواتر پەرەی سەند و چەندین کۆمپانیای هەڵکۆڵین و دەرهێنان و بەبازاڕکردن دامەزران کە ئێستاش هەندێکیان ماون وەک
شێڵ
ئێکسۆن مۆبیل
بی پی و شێڤرۆن
دواتر لەگەڵ جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم. خواست لەسەر نەوت زیاتر پەرەی سەند و بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆوە بینی. تا دامەزراندنی کۆمەڵەی ئۆپێک و دانانی یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە پیشەسازیی نەوت و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە بوارەکەدا.
نەوت لە کوردستاندا
سەردەمی کۆن
کوردستان گەرچی ناوچەیەکی جیۆلۆجیی ئاڵۆزی هەیە بەهۆی نزیکیی لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس، بەڵام شوێنێکی لەباریش بووە بۆ دروستبوونی نەوت و مانەوەی لە ژێر زەوی. هەبوونی دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی و لاوازبوونیان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا وای کرد کە وڵاتانی ڕۆژئاوا کەشەکە لەبار بزانن و گەڕان بکەن لە کوردستاندا.
لە 1901 ئەڵمانەكان هاتنە کوردستان. هەر لەو ساڵەدا، لە 28/5/1901 ولیەم نۆكس دارسی، توانی لەگەڵ شای ئێران رێككەوتننامەیەک مۆر بكات لە بواری پشكنینی نەوت لە ناوچەی خانەقین كە ئەوكاتە بەشێك بوو لە ئێران. بەم شێوەیە كوردستان (بە تایبەتیش كوردستانی عێراق و ئێران) كۆنترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە سامانی نەوتی لێ دۆزرابێتەوە.
ولیام دارسی لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی بۆرمای سكۆتلەندی كۆمپانیایەكی تازەی دامەزراند و لە كۆتایی ساڵی (1902) ئەندازیارێكی هەڵكەندنی بیری نەوتی بەناوی (جی.بی. رینۆڵدز) ناردە (چیای سورخ)ی نزیك شاری خانەقین. لە ساڵی 1904 لەو گوندە نەوتیان دۆزییەوە و دەریان هێنا بە بڕی (120) بەرمیل بوو لە رۆژێكدا. ئەم بیرە ئێستاش ماوە و لەم دواییەدا لەلایەن کۆمپانیای پێت ئۆیڵی تورکی کاریان تێدا کرد. دواتر لە ساڵی (1909) ئینگلیزەکان هاتن و نەوتیان لە کێڵگەیەکی تریش دۆزییەوە لە خانەقین، كە ناوی لێ نرا (نەفتخانە). کە لە ڕووە جیۆلۆجییەکەیەوە بەشێکی کەوتۆتە ئێران لای ناوچەی قەسری شیرین بەشەکەی تریشی کەوتۆتە کوردستان. وەکولە ڤیدیۆکە دیارە.
بەم شێوەیە نەوت ئینگلیزی پەلکێش کرد بەرەو کوردستان و عێراق. تاوەکوو لە 1917 هێڵی ئاسنینیشیان بۆ ڕاکێشا و پاڵاوگەی ئەڵوەن و کۆمپانیای نەوتی خانەقینیان دامەزراند. دواتر حکومەتی عێراق کۆمپانیایەکەی کڕیەوە.
سەبارەت بە کەرکووکیش چیرۆکێکی فۆلکلۆری هەیە، کە دەڵێت لە 1920ەکاندا شوانێک بەناوی بابا گورگور لە دەوروبەری کەرکووک مەڕەکانی ئەلەڕەواند، بینی لە دوورەوە زەوی ئەبریقێتەوە. کە چووە پێشەوە بینی مادەیەکی ڕەش هەڵدەقۆڵێت. هەرچەند چیرۆکێکی فۆلکلۆری جوانە. بەڵام هیچ بەڵگەیەكی زانستی و مێژوویمان بۆ ئەم چیرۆکە نییە.
دوای پشكنین و گەڕان لەلایەن ئینگلیز و فەرەنسیەکانەوە بە تایبەتی لە ناوچەكانی (پەلكانە ، ئینجانە) ئەوە بوو لە 1927/6/25 لە باباگورگور دەست كرا بە هەڵكەندنی یەکەم بیر کە بە بیری کەرکوک 1 ناسراوە. پاشان گەڕان و پشكنین بەردەوام بوو تا سالی 1930، هەروەها لە ناوچەی گەیارەی سەر بە شاری موسل چەندین بیر لە (بەتمە و عین زالە) هەڵكەندراو دەركەوت برێكی باشی نەوتی تێدایە.
ئەم پارچە ڤیدیۆیە ساتی هەڵکەندنی بیرەکانی نەفتخانەیە، لە کۆتایدا پاڵاوگەی ئەڵوەن یش دەرکەوتووە.
مێژوی ئەم ڤیدیۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٩.
چاوەروانی باشی دووەم بن کە باس لە سەردەمی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەکەین.
سەرچاوە:کتێبی فەیسەڵ عەلی: نەوتی ناوچەكانی خانەقین و كەركووك. یەكیەتی ئابووریناسانی كوردستان چاپی كردووە، هەولێر: ٢٠٠٨
نووسەری بابەت: ئەندازیاری نەوت، جرجیس محمد