بەشی دووەم – ناوەراستی سەدەی 20 تاوەکوو 2003
دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک، بوە هەواڵێکی گرنگی ناوچەکە، 14ی تەمووزی ١٩٣٤ بە سەرەتای بەرهەمهێنانی بازرگانی نەوتی باباگوڕگوڕی كەركووك دادەندرێ كە تا ١٩٤٩ لە ڕێگەی بۆڕی بەرەو حەیفا و تەڕابلووس ڕەوانەی دەرەوە كرا,
تەنیا لە ماوەی ١٩٣٤ تا ١٩٤٩ زیاتر لە 417 ملیۆن بەرمیل، تەنیا لە بیرەكانی باباگوڕگوڕەوە دەردەهێنراون و فرۆشراون.
لە ماوەی ساڵانی (١٩٥٠) تا (١٩٦١) بڕی نەوتی دەرهێندراو و فرۆشراوی كێڵگە نەوتییەكانی باباگوڕگوڕ، زیاتر بوە لە ملیارێک بەرمیل.
دوای جەنگی جیھانی دووەم ، خواست لەسەر نەوت زۆر زیادی کرد ئەمە وای کرد چەندین هێڵی بۆڕی لە کەرکوکەوە بۆ دەرەوەی وڵات ڕابکێشرێت. چونکە ناردنی نەوت بە بۆڕی ئاسانتر و هەرزانتر و بێ کێشەترە لە تەنکەر. وە نەوت لە ڕێگای کەشتی نەوتهەڵگر دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بۆڕی بانیاس لە سوریا ە لەوێشەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست.
بۆ شاری تەرابلوس لە لوبنان و لەوێشەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست.
بۆ شارۆچکەی حەیفای ئیسرائیل (فەڵەستینی ئەوکات) لەوێشەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست. ئەم بۆڕیە تەواو نەکرا بەهۆی دروستبونی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیەکان.
بۆ شارۆچکەی دۆرتیۆل نزیک شاری ئەسکەندەرون لە تورکیا. نزیک بەندەری جەیهان
بۆ بەندەری فاو لە بەسڕا.
با بێینە سەر باسی کێڵگەکانی تر.
کێڵگەی خورمەڵە، کە دەکەوێتە باشووری شاری هەولێر. کە بە قوبەی خورمەڵە ناسراوە (بەهۆی شێوازی جیۆلۆجییەکەیەوە کە لە شێوەی قوبەیەکی گەورەدایە) بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1927 لەلایەن کۆمپانیای نەوتی تورکی TPC بیر لێدراوە بەناوی کەی وەن K-1، کە لە 1938 تەواو کرا. دواتر بەهۆی جەنگی جیھانی دووەمەوە لە 1941 کارکردن تیادا وەستا تاوەکوو 1983، کە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق چەندین بیری تری هەڵکەند لەو کێڵگەیە تا دوای ڕاپەڕین و ڕوخانی بەعس کەوتە لاى حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
کێڵگەی نەوتی تەق تەق یان شیواشۆک لە گوندی شیواشۆک لە شارۆچکەی تەق تەق، یەکێکی ترە لە کێڵگە سەرەتاییەکانی کوردستان. کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە (60) كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری كەركوك، (85) كم باشوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و (120) كم لە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانیەوە دوورە.
لەم کێڵگەیەدا بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1961) بیری تەق تەق 1 لێدرا و نیوەی تەواو کرا بەڵام بەهۆی یاسای نەوتی عێراقی. کارکردن تیادا وەستێنرا تاوەکوو (1978)دا بیرەکە تەواوکرا و (2) بیری تری سەرەتایی گەڕان (جۆری ئێکسپلۆرەیشن) لێدران بەڵام بەهۆی پلانی زانستی ستراتیژی بەجێهێڵدران بۆ داهاتوو.
چونکە تا ناوهراستی حهفتاكانی سهدهی رابردوو تهركیزی ههموو بهرههمهێنانی عێراق لهسهر كێڵگهی كهركوك و بای حهسهن و ڕومێله و زوبێر چڕ ببوهوه ، ئهم چوار كێڵگهیه زۆر مهزن بوون كه یهدهگیان خۆی له پهنجا ملیار بهرمیل دهدا و بهشی ههموو عێراقیان دهكرد ههر له بهكاربردنی ناوخۆوه تا ههناردهكردنی نزیكهی 4 ملیۆن بهرمیل له رۆژێكدا.
جێگای باسە لە هەموو کوردستان تا 2003 کەمتر لە 30 بیر لێدراون (ئەگەر خانەقین و کەرکوکیش هەژمار بکەین). ئەمەش بەهۆی هۆکاری جەنگی جیھانی دووەم و کودەتاکانی عێراق و جەنگی عێراق ئێران و شۆڕشی کورد و ڕاپەرین و شەری عێراق کوەیت و شەڕی ناوخۆ.
لە پاش راپەڕینی خەڵکی لە باشوری کوردستان و دروستبوونی قەوارەیەکی سیاسی نیمچە سەربەخۆ بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە، مەسەلەی نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لە خەڵکانی شارەزای ناوخۆییەوە هەوڵی بۆ دراوە، هەوڵەکانیش سەرەتا بە نهێنی بوونە، تا لە مانگی تشرینی یەکەمی (1993) لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی (کۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتییەکان) دەدرێت، ئەم کۆمیتەیە کاری هەوڵدان بووە بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەناوچەی تەق تەق و شیواشۆک.
لە بەشی سێیەمدا باس لە سەردەمی نوێی نەوتی کوردستان دەکەین.
سەرچاوەکان:
– کتێب، مەسعود مەلا هەمزە. یەکەمین هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. چاپخانەی هێڤی، هەولێر 2017
– توێژینەوە، History of hydrocarbon exploration in the Kurdistan Region of Iraq
David S. Mackertich; Adnan I. Samarrai. 2015
نووسینی: ئەندازیاری نەوت، جرجیس محمد