چالاکی نەوت و گاز لە هەرێم و کاریگەری لەسەر ژینگەی ناوچەکە

لە زنجیرە بابەتێکی پێشوو، لە چوار بەشدا باسی مێژووی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لەم بابەتەی ئەمڕۆ تیشک دەخەینە سەر کاریگەری ئەو چالاکیانە لەسەر ژینگە و سروشتی ناوچەکە.
لە ساڵانی دواییدا، هەرێمی کوردستان بە تایبەتتر ناوچە نزمەکان کە دەوڵەمەندن بە نەوتی خاو، ئاستی کوالێتی هەوا دابەزیوە، ئەویش بەهۆی پیسبوونی هەوای ناوچەکە کە هۆکارەکەی دەردانی سەلفەر دایۆکساید `دوانە ئۆکسیدی گۆگرد`، ئۆکسیدی نایترۆجین و گازە جۆراوجۆرەکانی تر لەلایەن مەشخەڵەکانی (فلێر) سوتاندنی گازی زیادە لەکاتی دەرهێنانی نەوتی خاو.

لە شاری هەولێر، ئاستی کوالێتی هەوای PM2.5 کە تۆمارکراوە لەلایەن چەند وێستگەیەکی کوالێتی هەوا کە پێشتر لەلایەن دەستەی ژینگە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ئاستی کوالێتی هەوا 150 بۆ 200 μg/m³, کە زیاترە لە ئاستی ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی. کە ئاستی ستاندارد بریتیە لە 100 μg/m³. کە هۆکاری سەرەکی هەبوونی چالاکی خراپی پاڵاوگەکانە کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی ژینگەییان نییە.
🔸بەپێی داتاکان نزیکەی 10,000 تۆن لە دوانە ئۆکسیدی گۆگرد ساڵانە چوەتە بەرگەهەواوە لە شاری هەولێر.

شارەکانی دهۆک و سلێمانیش بەدەر نین لە کێشەکان، گەورەترین کێشەی سلێمانی و دهۆک هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە تانکەری گواستنەوەی نەوتی خاون کە ساڵێک زیاترە نەوت بە بۆڕی ناگوازرێتەوە. تانکەرەکان کوالێتیان خراپە و بڕێکی زۆر لە گازی خراپ بڵاودەکەنەوە وەک ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و ئۆکسیدەکانی کاربۆن. کە جگە لە زیانی ژینگەیی زیانی تەندروستیشی توندی هەیە.

جگە لە زیانە هەواییەکان، زیان بە ژینگەی ئاویش گەیشتووە بەهۆی وەرگەڕانی تەنکەرەکانی هەڵگری نەوتی خاو و بەرهەمەکانی نەوت. یان بەهۆی کونبوونی بۆڕی نەوت، بۆ نموونە لە ساڵی 2016، ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی ئەو شوێنەی خاشاکی لێ فڕێدەدرێت، پاشماوەی نەوتیش فرێدراوە لەو شوێنە، کە دواتر پاشماوەی نەوتەکە ڕێڕەوی خۆی دۆزیوەتەوە و ڕۆیشتووە و تێکەڵ بووە لەگەڵ سەرچاوە ئاویەکانی ناوچەکە. کە ئەمە یەکێکە لە نموونەکانی کارەساتە ژینگەیەکان کە دەیەها نموونەی تر هەن و دۆکیومێنت نەکراون.

بە کورتی، ئاستی کوالێتی هەوا و ئاو و ژینگەی ناوچەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی پیشەسازی نەوتەوە، هۆکارەکەشی خراپ بەکارهێنان و گواستنەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانە، کە بە ڕێگای زانستی ئەنجام نادرێن. چونکە وڵاتێکی وەکوو ئیمارات لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو کێڵگە نەوتییە، بەڵام بە ڕێگایەکی زانستی بەرهەمی دێنێت و دەیگوازێتەوە و بەکاریدێنێت، کە ئاستی کێشە ژینگەیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە.

نووسینی: ئەندازیاری نەوت، جرجیس محمد

سەرچاوەی سوود لێ وەرگیراو.

https://polytechnic-journal.epu.edu.iq/home/vol8/iss2/20/

https://sjuoz.uoz.edu.krd/index.php/sjuoz/article/view/550

https://www.waterkeepersiraq.org/kurdistan-oil-spill.html