چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، تیمێک لە پسپۆڕانی شوێنەوارناسیی بەریتانیی ڕوخساری ئافرەتێکی مرۆڤی نیاندرتاڵیان ئاشکراکرد، کە مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی شوێنەوارناسیی لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش لە گۆڤاری زانستیی ئۆزۆن لەماوەی داهاتوودا لە زنجیرە پۆستێک بایەخێکی تەواو بەو بابەتە دەدەین.
6 ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ئەیلوولی 2018، تیمێک لە شوێنەوارناسان کە لە ئەشکەوتی شانەدەر لە قەزای مێرگەسۆر سەر بە پارێزگای هەولێر کاریان دەکرد، توانیان لەقوڵایی 7.5 مەتر لە ڕووی ئەشکەوتەکەوە، کۆمەڵێک ئێسک و پروسکی کۆن بدۆزنەوە، کە وا پێدەچوو هی چەندین هەزار ساڵ بەر لە ئێستا بن.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ، تیمێک لە زانایانی زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا توانیان دوای نۆ مانگ لە کارکردنی بەردەوام، ئێسکەکانی کەللەسەری ئەو مرۆڤە لێکبدەن کە بە (شانەدەر زێد) ناسراوە و بەشێوازی 3D ڕوخسارەکە دروست بکەنەوە.
مرۆڤەکە ئافرەتێکە لە جۆری نیاندرتاڵ و واپێدەچێت کە تا 40 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا مابنەوە لەسەر زەوی. تیمەکە دەڵێن، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە توێژینەوەی زیاتر بکەن تا بزانن ئەو مرۆڤە چ خۆراکێکی خواردووە، ئایا لەنێو ئەشکەوتی شانەدەر لەدایکبووە یاخود گەشتی کردووە بۆ ئەوێ، هەروەها دەمانەوێت بزانین تەمەنی چەند ساڵ بووە کە مردووە.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە، ئەو دۆزینەوە ئەوە دەردەخات کەوا مرۆڤانی کۆنیش تەرمەکانیان بەخاک سپاردووە، چونکە لەکاتی دۆزینەوەی ئەو ئێسکانە، زانایان سەرنجی ئەوەیان داوە کە سەرجەمیان بە هەمان ئاڕاستە و شێوە نێژراون، ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونەکانی پێشترن کە باسیان لەوە دەکرد کەوا نیاندرتاڵەکان پاشکەوتوو و بێ کولتوور بوون.
ئەشکەوتی شانەدەر یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی کوردستانە لەڕووی شوێنەوار و مێژووییەوە، ئەو تیمە ئاماژەیان بەوە داوە کەوا پێدەچێت چەند پارچەیەک لەو ئەشکەوتە هەبن کە مێژووەکەیان بۆ سەدان هەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە.