10 هەڵەی باو لە کاتی خۆشۆردندا

🔹 بە پێچەوانەی ئەوەی کە خەڵکی بڕوایان پێیەتی زوو زوو خۆ خستنە بەر ئاو و بەکارهێنانی کەرەستەکانی خۆ خاوێن کردنەوەی وەک و سابون واتای پارێزگاری کردن لە لەش ناگەیەنێت و لەش بە دوور نابێت لە پیس بوون و بۆنە ناخۆشەکان و ئەو بوونەوەرە بایۆلۆجیانەی کە نەخۆشیەکان دەگوازنەوە و لەوانەیە ئەم کردارە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە .
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ( وێب مید ) ی تایبەت بە هەواڵ و زانیاری پزیشکی ، هەڵە باوەکانی خۆ شۆردن ئەمانەن :
🔹 1 – زۆر خۆ شۆردن
لەوانەیە خۆ شۆردنی ڕۆژانە خوویەک بێت ، بەڵام ئەگەر خاوێن بیت و ئارەقت نەکردبێتەوە پێویست ناکات لە هەفتەیەکدا لە چەند جارێک زیاتر خۆت بشۆیت ، لەبەرئەوەی خۆ شۆردن ئەو زەیت و بەکتریا تەندروست و بەسودانەی کە لەسەر لەشت هەیە دایئەماڵێت .
لەبەرئەوە زۆر خۆ شۆردن دەبێتە هۆی ووشک بوونەوەی پێست و خوران و ڕێگەخۆش دەکات بۆ بەکتریا زیانبەخشەکان لەڕێگەی ڕووشاوی و کراوەیی هەندێ شوێنی پێستەکەوە بچنە ژوورەوە .
[ کاتێک لەشت ناخاوێنە و بەکتریای سروشتی لەسەرە ، لە ڕاستیدا ئەمە یارمەتیدەرە بۆ بەهێز کردنی ئامێری بەرگری ]
🔹 2 – بەکارهێنانی سابونی هەڵە
بەکارهێنانی سابونی دژە بەکتریا ژمارەیەکی زۆر لە بەکتریا سوودبەخشەکانی پێست لەناو دەبات ، و ڕێگە بۆ ئەو بەکتریا زیانبەخشانە خۆش دەکات بچنە ناو لەشەوە کە دەتوانن بەڕەنگاری دژە تەنەکان ببنەوە .
سابونی بەهێزیش پێست تووشی ووشک هەڵگەڕان دەکات ، لەبەرئەوە پێویستە ئەو سابونانە بەکاربهێنرێت کە زۆر بەهێز نین و زەیت و پاککەرەوەی نەرم لە خۆیان دەگرن یان پێویستە جێلی خۆشۆردن بەکاربهێنرێت کە شێدار کردنەوەی تێدا بێت.
وە ئەگەر تۆ ئەگزیمات هەیە و پێستت هەستیارە ، ئەوا سابونی بۆندار پێستت تووشی برین و خوران دەکات لەبەر ئەوە پێویستە سابونی بێ بۆن بەکاربهێنرێت.
🔹 3 – نەشۆردنی خاولی بەپێی پێویست
خاولی تەڕ مۆڵگەیەکی باشی کۆبونەوەی بەکتریاو کەڕوو و ڤایرۆسەکانە، لەوانەیە ببێتە هۆی چەندین نەخۆشی و کێشەی پێست ، بۆ دوور کەوتنەوە لەمە پێویستە خاولیەکەت زوو زوو بگۆڕیت یان لانی کەم هەفتەی جارێک بیشۆیت و لە نێوان هەر خۆشتنێکدا بە باشی ووشکی بکەیتەوه.
🔹 4 – پاک نەکردنەوەی لیفکە
لیفکە زۆر بەسوودە بۆ پاککردنەوەی لەش٫ بەڵام لە هەمان کاتدا شوێنێکی بێ وێنەیە بۆ حەشاردانی میکڕۆبەکان ، لەبەرئەوە پێویستە هەفتانە لە ناو ماددەی سپیکەرەوەی ڕووندا بۆ ماوەی پێنچ خولەک دایبنێین پاشان بەجوانی بە ئاو بیشۆین ، وە پیویستە لیفکەی پێکهاتوو لە خوری سێ بۆ چوار هەفتە جارێک بگۆردرێت و لیفکەی پلاستیکیش دوو مانگ جارێک .
🔹 5 – بەکارهێنانی ئاوی زۆر گەرم
خۆششتن بە ئاوی گەرم هەستێکی نایاب بە مرۆڤ دەبەخشێت بەتایبەتیش لە وەرزی زستاندا ، بەڵام ئاوی گەرم زەیتە سروشتیەکانی لەشت دادەماڵێت و پێست تووشی ووشکبوونەوە و هەستیاری دەکات .
🔹 6 – زۆر شۆردنی قژ
ئەگەر پێستی سەرت زۆر چەور نیە ، ئەوا پێویست ناکات ڕۆژانە بیشۆیت ، تەنانەت ئەگەر وەرزشیش بکەیت ئارەق زۆر بکەیتەوە پێویستە بەرنامەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ سەر شۆردن ، وە لەگەڵ پێشکەوتنی تەمەندا پێویستت بەوە نیە زۆر شامپۆ بەکاربهێنیت لەبەرئەوەی پێستی سەرت کەمتر زەیت دەردەکات .
🔹 7 – بەکارنەهێنانی ڕاخەری دژە هەڵخلیسکان.
پێویستە ڕاخەرێکی دژە هەڵخلیسکان دابخەیت ، تا دوور بیت لە هەڵخلیسکان و کەوتن .
🔹 8 – پاک ڕانەگرتن و پاک نەکردنەوەی دووشی گەرماو .
سەری دووشی حەمام شوێنێکی باشی کۆبوونەوەی بەکتریاکانە بەتایبەتی کونی دووشەکە و شوێنە تەڕ و تاریکەکانی ، وە لە کاتی کردنەوەی ئاوی دووشەکە ئەم بەکتریایانە بەناو هەوای گەرماوەکەدا بڵاو دەبنەوە بۆ خۆ بەدوور گرتن لەمه پێویستە پێش خۆشۆردن سەری دووشەکە لێ بکەیتەوە و بۆ ماوەی خولەکێک لە ئاوی گەرمدا داینێیت یان پێش بەکارهێنانی بۆ ماوەی یەک دوو خولەک تەنها ئاوی گەرم بکەیتەوە تا خاوێن دەبێتەوە لە بەکتریا .
🔹 9 – بەکارنەهێنانی ماددە شێدارکەرەوەکان.
بەکارهێنانی بەرهەم و کرێمە شێدارکەرەوەکان یارمەتی هێشتنەوەی شێداری لەش دەدات لەبەرئەوە پێویستە چەند خولەکێک دوای خۆ ووشک کردنەوە کرێمە شێدارکەرەوەکان بەکاربهێنیت .
🔹 10 – هەڵە کردن لە کاتی بەکارهێنانی سابوندا .
هەموو بەشەکانی لەش پێویستی بە بەکارهێنانی سابون نیە بۆ پاککردنەوەی لەبەرئەوە تەنها بۆ ئەو شوێنانە بەکاری بهێنە کە پێویستە بۆ نمونە بۆ بن باڵ و دەست و قاچ و دەموچاو … ، وە پێویستە بۆ بەشەکانی تری لەش تەنها ئاوی شلەتێن بەکاربهێنرێت . ئەمەش یارمەتی لەش دەدات بە شێداری بمێنێتەوە و ووشک هەڵنەگەڕێت.
بەکارهێنانی سابون بۆ ناوچە هەستیارەکان (کۆئەندامی زاو و زێ) دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی بەکتریا سوودبەخشەکان لەو ناوچانەدا و سەرئەنجام هەوکردن دروست دەکات.