بەشی چوارەم و کۆتایی، مێژووی کەرتی نەوت و گاز لە کوردستان.

لە بەشەکانی پێشوو بە وردی باسمان لە مێژووی نەوت کرد لە سەرەتای دۆزینەوەی تاوەکوو ساڵی 2014، دوای ئەو ساڵە بووە دەستپێکی قەیران و کێشە و ئاژاوەکان. ساڵی بەجێهێشتنی زۆربەی کۆمپانیا نەوتیەکان.

ساڵی 2014 حکومەتی هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد دوای ئامادەکردنی بۆڕی نەوتی خورمەڵە-جەیهان. دوای ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا، بە سەربەخۆیی نەوتی فرۆشت بە بازاڕەکانی جیهان و لەڕێی چەند فرۆشیار و کڕیاردۆزەرەوە توانی بە نرخی کەمتر لە نرخی ستانداردی جیهانی بڕێنت نەوت بفرۆشێت. ئەمەش بووە هۆی سەرەتای دەستپێکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

لە هەمان کاتدا دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی، کە بوە هۆی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا. لە ئەنجامدا هەندێك کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان وێڕای کارکردنیان لە سێکتەری نەوتی کوردستان بۆ چەندین ساڵ. ئیش و کارەکانیان ڕاگرت و هەندێکیان دوای بێهیوا بوونیان لە سەلامەتی کارمەندان، ماڵئاوایان کرد و پشکەکانی خۆیان فرۆشتە کۆمپانیاکانی تر. چونکە چەندین جار پاڵاوگە و بۆڕی و بیرەکان تەقێندرانەوە. یەکێک لە نموونە گەروەکان تێکچوون و تاڵانبردنی پاڵاوگەی بێجی بوو.

ئەم جۆرە بارودۆخە بەردەوام بوو تاوەکوو ساڵی 2017 و ئەنجامدانی ریفراندۆم، لە ئەنجامدا کوردستان چەندین کێڵگەی گرنگی نەوتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لەدەستدا وەک بای حەسەن و هاڤانا. وە لەهەمان کاتدا بووە هۆی کشانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕۆژئاوا وەک ئیکسۆن مۆبیل و تۆتاڵ و ماڕاثۆن ئۆیل.

لە ڕێکەوتی 19/10/2017 لە دەیەمین دیداری ئابووری ئۆراسیا لە شاری ڤیرۆنا لە وڵاتی ئیتاڵیا ، وەزیری سامانە سرووشتیەکانی ئەوکات د. ئاشتی هەورامی، بە گرێبەستێکی گەورەی پەرەپێدان 5 کێڵگەی نەوتی کوردستانی دایە کۆمپانیای نەوتی ڕوسی (ڕۆسنەفت). کە کێڵگەکانی ( باتل، زاوێتە، هەریر-بجیل (دوو بلۆک بوو پێشتر بەڵام لێکدران و بوونە یەک) قەسرۆک و دارەتوو) پلانی ڕۆسنەفت درێژخایەن بوو. بەڵام بەهۆی هاتنی پەتای کۆڕۆنا، نەک لە کوردسان لە هەموو جیهان پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت وەستا.

لەدوای پەتای کۆڕۆناوە، کۆمپانیاکان دەستیان کردەوە بە چالاکی بەرفراوان لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک کێشەی نوێ سەریهەڵدا وەک هێرشی دڕۆنی بۆ سەر کێڵگەکان، تەقاندنەوەی بۆڕی خورمەڵە-جەیهان، کێشە یاساییەکانی نێوان کۆمپانیا و حکومەتی هەرێم لەسەر گرێبەستەکان. وای کرد کەرتی نەوت توشی کێشە ببێتەوە.

لە دواییدا لە ساڵی 2023 لە 25ی ئازار، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە بڕیاری خۆی لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراقی لەسەر نایاسایی بوونی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی دا. بەهۆیەوە کەرتی نەوت لە کوردستاندا داڕما. بووە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەم. فرۆشتنی نەوت بە تەنکەر بە ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، بێکاربوونی هەزارەها کارمەند و کرێکاری کۆمپانیا نەوتیەکان. کە ئەمەش بەدوای خۆی داتەپینی چەندین کەرتی تری بەدواهات پێچەوانەی کاریگەری پۆزەتیڤی نەوت لە ساڵی 2007.

تاوەکوو نووسینی ئەم بابەتە هێشتا هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردۆتەوە و کۆمپانیا نەوتیەکان یەکیان گرتووە و لەژێر ناوی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەدەن. 
بۆ درێژەی بابەتەکە دەتوانی سەردانی ئەم بەستەرەی خوارەوە بکەن و زانیاری زیاتر بخوێننەوە.

نووسینی: ئەندازیاری نەوت، جرجیس محمد